وەزیرى دارایی عێراق: بودجەى 2023 نێردرا بۆ ئەنجوومەنى وەزیران
وەزیرى دارایی عێراق دەڵێت، پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 ئامادەکراوە و رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کراوە بۆ تاوتوێ و پەسندکردنى. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش پێشبینی دەکات، کۆتایی مانگی ئادار پڕۆژەیاساکە بگاتە پەرلەمان و پەسندکردنى بکەوێتە مانگى نیسانەوە.
رۆژی 12ى ئادارى 2023، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، وەزارەتەکەى رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023ى ئامادەکردووە و رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى کردووە بۆ تاوتوێکردن و دواتر دەنگدان لەسەری.
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023، وەک وەزیرى دارایی عێراق دەڵێت، زیاتر گرنگى بە بوژاندنەوە، پاڵپشتى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى، پارەدارکردنى پڕۆژەی ستراتیژیی و بوژاندنەوە بەردەوامەکان دەدات.
تەیف سامى راشیگەیاند، ئامادەکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە لە دۆخێکى تایبەتدایە کە ئابوورى جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت و پڕۆژەکە هاوتەریب دەبێت لەگەڵ کارنامەى حکومەت و چاکسازى دارایی و ئابوورى، بەگوتەى ئەو، وەزارەتەکەى کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکات.
بەگوتەى ئەندامانى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، بڕى پارەى بودجەى گشتیى 2023ى عێراق نزیکەى 200 ترلیۆن دینار دەبێت کە دەبێتە گەورەترین بودجە لە مێژووى عێراقدا.
رۆژی 12ى ئادارى 2023، خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەگەر هەیە کۆتایی مانگى ئادار پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان بکرێت و پەسندکردنى بکەوێتە مانگى نیسانەوە.
ساڵى 2022 عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى پەسند نەکرد و کارى بە سیستمى خەرجکردنى یەک لەسەر 12ى بودجەى خەرجکراوى ساڵى 2021 کرد.

Comments
Post a Comment