جۆزێف ستالین
ناوی کاتی لەدایکبوونی یوسف ویسارینۆڤیچ جۆگاشڤیلی (بە زمانی گورجی، زمانی زکماکی:იოსებ ბესარიონის ძე ჯუღაშვილი).
لە ساڵی ١٩٢٢ گەیشتە پلەی سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤیەت. دوای مردنی ڤیلادیمیر لینین، ستالین توانی بەسەر لیۆن ترۆتسکی سەرکەوێت و ڕابەرایتی حیزب بگرێتە دەست. لە ساڵانی ١٩٣٠ خاوێنکردنەوەی گەورەی بەڕێخست کە زنجیرە سەرکوتی سیاسی و دەستبەسەر کردن و کوشتنی ناڕازییەکان بوو کە لە ساڵی ١٩٣٧دا گەیشتە بەرزترین پلەی خۆی.
ستالین بڕوای وا بوو کە سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای مارکسیسم-لینینیسم پێکھاتووە بەڵام ئێستا ھەموان سیستەمی ئابووری و سیاسیی ئەو بە ئەستالینیسم ناو دەبەن.
لە ساڵی ١٩٢٨دا ستالین بە گۆڕینی پلانە ئابوورییەکان و دانانی پلانی کشتوکاڵی ھەڵبژاردەیی، یەکیەتی سۆڤیەت تا کۆتایی ساڵانی ١٩٣٠ لە وڵاتێک کە زۆرینەی جەماوەری جووتیار بوو بە یەکێک لە زلھێزەکانی بواری سەنعەت لە جیھاندا.
داگیرکردنی گەنم و خواردمەنییەکانی دیکە لەلایەن کاربەدەستانی سۆڤیەت و بە دەستووری ستالین لە ساڵانی ١٩٣٢ تا ١٩٣٤ بووە ھۆی ھاتنی قاتوقڕی لە وڵاتانی ژێردەسەڵاتی ئۆکراین، کازاخستان و قەفقازی باکوور. ھەرکەس لە جووتیارەکان کە دژایەتی ئەوەی بکردایە کۆلاک ناویان دەنا و سەرکوت و دەستبەسەر دەکرا.
لە کاتی جەنگی جیھانیی دووھەم ستالین ڕابەری یەکیەتی سۆڤیەت بوو و دەورێکی گرینگی ھەبوو لە شکست ھێنان بە ئەڵمانیای ژێر دەسەڵاتی نازییەکان. ئەوە سۆڤیەتی کردە یەکێ لە دوو زلھێزی دونیا و ئەوە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ واتە تا کۆتایی ژیانی ستالین ھەر مایەوە.
ھێندێ کەس حکوومەتی ستالین بە دەسەڵاتی تاکەکەسیی دەناسێنن و ھەروەھا بە لەناوبردنی کەسایییەتییەکانی دژ بەو تاوانباری دەکەن. نیکیتا خرۆشۆڤ، جێگری ستالین، کەسایەتی و شێوازی حوکمڕانی ستالینی لە کۆبوونەوەی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٥٦ کێشایە ژێر پرسیار و دواتر دەستی کرد بە خاوێنکردنەوەی حکوومەت لە ھاوڕێیانی ستالین.

Comments
Post a Comment